فەهد جبوری سەرکردە لە ڕەوتی حیکمە، ئاشکرای کرد: کە پەیامێکی ئەمریکی سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پێگەی کوتلە چەکدارەکانی ناو ئەو حکومەتە پێگەیشتووە، هەروەها باسی لە پەیامەکانی کرد لەوانەش ئاماژەیەک بۆ بەشداریکردنی گروپە میلشیاکان لە پێکهێنانی وەزارەتدا.
جبوری جەختی لەوە کردەوە: کە پەیامەکان ئەوەش دەگرێتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێز لەم مافی هەڵبژاردن دەگرێت و لە بەرامبەردا لایەنی ئەمریکی پشتڕاستی کردەوە کە ئەوانیش سەروەری خۆیان هەیە و مافی خۆیانە بۆ دیاریکردنی شێوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەر حکومەتێک کە بە گونجاویان دەزانن.
ئەو سەرکردە شیعەیە ڕاشیگەیاند: ئەم پەیامە کاریگەرییەکی ڕوونی هەیە سەبارەت بە حکومەتی داهاتوو، بەتایبەتی سەبارەت بەو کوتلانەی کە خاوەنی چەکن و بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە و کورسییان بەدەستهێناوە، بەو پێیەی پێدەچێت بوونی ئەوان یەکێک بووبێت لە هۆکارەکانی دواکەوتنی چارەسەرکردنی هەندێک لەو کێشانەی کە ڕێککەوتوون لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئەمریکا جدیە لەسەر بەژدارینەکردنی گروپە چەکدارەکان لەحکومەتدا، مەرجیشی ئەوەیە هەرکاتێک ئامادەییان نیشاندا بۆ چەکدانان دەتوانن بەژداری حکومەت بکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە لەماوەکانی ڕابردودا، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، پێشنیاری تەسلیمکردنی چەکی قورسی لەدەست هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی کرد بۆ پرسی نیشتیمانی عێراق.