چارەسەری خەمۆکی دۆزرایەوە، بە یەک دنکە حەب دوومانگ دور دەبیت لە خەمۆکی

توێژینەوەیەک لە ژاپۆن دەریدەخات، جۆرە دەرمانێکی نوێ پەرەپێدراوە کە دەتوانێت بە خێراییەکی زۆر و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن نیشانەکانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لای مرۆڤ نەهێڵێت.
توێژینەوەکە لە زانکۆی ئۆساکا ئەنجامدراوە و تێیدا تیمێکی توێژەر بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆر هیتۆشی هاشیمۆتۆ دەرمانێکیان بە ناوی (PA-915) پەرەپێداوە، کە کار لەسەر وەرگرێکی دیاریکراو لە مێشکدا دەکات کە بەرپرسە لە فشارە دەروونییەکان و جیاواز لە دەرمانە باوەکان، بە خێراییەکی زۆر کاریگەرییەکانی دەردەکەون.
ئەم دەرمانە نوێیە کە لە کۆلێژی زانستە دەرمانسازییەکانی زانکۆی ئۆساکا کار لەسەر پەرەپێدانی کراوە، تایبەتمەندییەکی دەگمەنی تێدایە کە ئەویش مانەوەی کاریگەرییەکەیەتی بۆ ماوەیەکی زۆر درێژخایەن، بە جۆرێک تەنها وەرگرتنی یەک ژەم لەو دەرمانە دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ ماوەی ٨ هەفتە یان دوو مانگی تەواو نیشانەکانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لای نەخۆشەکە نەمێنێت. پڕۆفیسۆر هاشیمۆتۆ و تیمەکەی لە تاقیکردنەوەکانیاندا کاریگەریی ئەم دەرمانەیان بەراورد کردووە بە دەرمانی “کیتامین” کە بەوە ناسراوە کاریگەری خێرای هەیە، دەرکەوتووە دەرمانە نوێیەکە هاوشێوەی کیتامین کار دەکات بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی لاوەکی مەترسیداری وەک ئاڵوودەبوون، تێکچوونی توانای جوڵە یان کێشەی ژیری دروست بکات.