پەیامێکی توند لە فراکسیۆنی پارتی بۆ ئێران

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، بە توندترین شێوە سەركۆنەی زنجیرە هێرشە تیرۆریستی و دوژمنكارییە بەردەوامەكان دەكەین كە دەكرێنە سەر دانیشتووان و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان. دواینیان ئەو پەلامارە دوژمنكارانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆیە كە لەلایەن ئێرانەوە، بە مووشەك هێرش كرایە سەر بنكە و بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش كردووە، ئاشكرایە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان  هێزێكی یاساییە و لە چوارچێوەی دەستوور و یاساكاندا كاروبارەكانی ئەنجام دەدات،  هێزێكە بەپێی یاسا و ڕێسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتە ئاشتیپارێزییەكانی هەرێمی كوردستان ڕەفتاری كردووە و فاكتەر و پارێزەری ئاسایش و سەقامگیری بووە، هیچ كاتێك هەڕەشە و مەترسی نەبووە بۆ سەر هیچ لایەك، بەتایبەتی دراوسێكانی هەرێمی كوردستان.
“بۆیە پەلاماردانی بەم شێوەیە پێشێلكارییەكی زەقی سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراقە، پێچەوانەی هەموو بنەماكانی دراوسێیەتی باش و ڕێسا نێودەوڵەتییەكانە، بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستان پێڕەوی لە بێلایەنیی لە شەڕ و كێشەكانی ناوچەكەدا كردووە و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوەژیانە و دژی هەر جۆرە توندوتیژییەكە”، فراكسیۆنی پارتی وادەڵێت.
ئەوەشی گوتووە، لێرەوە داوا لە حكوومەتی فیدراڵی عێراق دەكەین كە بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی هەڵبگرێت، لە ڕێگەی كەناڵە دیپلۆماسی و فەرمییەكانەوە هەڵوێستی یەكلاكەرەوەی هەبێت بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و گیانی هاووڵاتییان و هێزە پارێزەرەكانی  ئاشتی و ئاسایشی وڵات. هەروەها داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین ڕۆڵی كارای خۆیان ببینن بۆ دانانی سنوورێك بۆ ئەم پێشێلكارییە بەردەوامانە .
باسی لەوەش كردووە، هەرێمی كوردستان هەمیشە فاكتەری سەقامگیریی بووە، ویست و ئیرادەی خەڵكەكەمان بۆ ئاشتی و ئارامی لە هەموو دەستدرێژییەك بەهێزترە و بەم جۆرە پەلامارە نامەردانانە ناشكێت و پاشەكشە ناكات.
لە كۆتایشدا دەڵێت:  پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ئەو شەش پێشمەرگە تێكۆشەرە دەكەین كە ئەمڕۆ چوونە كاروانی نەمرییەوە، هەروەها سەری ڕێز و نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و هێزە ناوخۆییەكان دادەنەوێنین كە لە هێرشەكانی ئەمدواییانەدا گیانیان بەخشی، هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button